06/03/2026
پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان زانکۆکان و بازاڕی کار چیتر بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییەکی هەنووکەییە بۆ پەرەپێدانی بەهرەکان و گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا:
لەگەڵ گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی کەرتی پیشەسازی و کاریگەریی تەکنەلۆژیا نوێیەکان لەسەر شێوازی کارکردن، هەماهەنگییەکی بەهێزتر لە نێوان ناوەندە ئەکادیمییەکان، حکومەت و کەرتی تایبەتدا پێویستە؛ ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی دەرچووان خاوەن ئەو کارامەییانە بن کە بازاڕی کاری ئەمڕۆ پێویستیەتی.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی ڕاوێژکاری پیشەسازی (IAB) کە دەستپێشخەرییەکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی "نێکست ستێپ" (Next Step)، وۆرک شۆپێکیان لەژێر ناونیشانی "داهاتووی بەهرە و هێزی کار و نەخشەڕێگا هاوبەشەکانی نێوان زانکۆکان و کەرتی پیشەسازی" ڕێکخست. وۆرک شۆپەکە لە ڕێکەوتی ١ی ئازاری ٢٠٢٦، لە دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی (KISSR) بەڕێوەچوو. تێیدا ژمارەیەک لە لێپرسراوانی زانکۆکان، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و دامەزراوە حکومییەکان کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکارە پراکتیکییەکانی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان کەرتی پەروەردە و پیشەسازی.
سەرەتای چالاکییەکە بە وتەی بەخێرهاتنی د. شوان کەمال ڕەشید، سەرۆکی دەستەی (KISSR) دەستی پێکرد. پاشان ئەڤین محەمەد قادر، هاودامەزرێنەری دەمەزراوەی (Next Step)، تیشکی خستە سەر گرنگیی بونیادنانی هاوبەشیی ڕێکخراو لە نێوان زانکۆکان و کەرتی تایبەتدا. هەر لەو چوارچێوەیەدا، د. ئامانج عەبدوڵڵا سەعید، ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری پیشەسازی، دیدگای پشت دروستکردنی ئەم ئەنجومەنەی وەک پلاتفۆرمێک بۆ گفتوگۆی بەردەوام و هەماهەنگیی نێوان پیشەسازی و ئەکادیمیا خستە ڕوو. دواتر د. خەتاب ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خوێندن و پلان دانان لە وەزارەت و ئەندامی ئەنجومەن، باسی لە شێوازی کارکردنی ئەنجومەنەکە و ڕۆڵی لە گونجاندنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کاردا کرد.
گفتوگۆکانی وۆرک شۆپەکە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییە بوون کە هەمووان کۆکن لەسەر پێویستیی هەماهەنگییەکی پتەوتر بۆ ئامادەکردنی دەرچووان بۆ داهاتوو. بەشداربووان جەختیان لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کردەوە، لەوانە: بەهێزکردنی کارامەییەکان (Soft Skills)، باشترکردنی ئاستی شارەزایی دیجیتاڵی، فراوانکردنی هەلی مەشقی مەیدانیی بەسوود بۆ خوێندکاران، و دڵنیابوونەوە لەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ گۆڕانکارییە خێرا تەکنەلۆژییەکاندا هاوتەریب بن.
وۆرک شۆپەکە بە بەڵێنی بەردەوامبوونی ئەم کارە هاوبەشە کۆتایی هات، ئەوەش لە ڕێگەی کاراکردنی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری پیشەسازی، گفتوگۆی بەردەوامی نێوان زانکۆ و کۆمپانیاکان، و گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی بۆ ئەوەی دەرەنجامەکانی خوێندن لە خزمەت پێداویستییەکانی بازاڕی کاردا بن.
ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە هەنگاوێکی گرنگن بۆ بونیادنانی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەپێدانی بەهرەکان و پێگەیاندنی هێزێکی کاری شارەزا و ئامادە بۆ داهاتوو لە هەرێمی کوردستاندا.